شانازی بەکورد بوونی خۆم و ناسنامەی نەتەوەی و نیشتیمانی خۆم دەکەم لەنێو کارەکانمدا .
خەبات – ساسان دەروێش
ئاهەنگ فەیزی خانووبەگزادە، هەڵقوڵاوی کانیاوێکی بناری چیایەکە ولە بنەماڵەیەکی نیشتیمانپەروەری شارە جوان ودێرین و پڕ لەشارستانی قەڵاو منارەیە ، کە هەمیشە داکۆکیکارێکی سەرسەختی کوردایەتی بوون و هەڵگری ڕێبازە پیرۆزەکەی بارزانی و پارتین و شانازی بەکورد بوونی خۆیان و ڕابردووی خانەوادەکەیان دەکەن .
ئاهەنگ فەیزی خانووبەگزادە زۆر منداڵ بووە لەسەرەتای ساڵانی نەوەتەکان لەگەڵ خێزانەکەی ڕێگای هەندەران دەگرنەبەرو لە وڵاتی هۆڵەندا نیشتەجێ دەبن وهەر لەوێش پلەکانی خوێندن و زانکۆ بەپلەی سەرکەوتووی بەرز تەواو دەکات ولەگەڵ کاری بەردەوامی لەنێو حکوومەت ، دەبێتە ئەندامی حزبی چەپە سەوزەکان ولەبەر لێهاتوویی بەربژێرکرا بۆ ئەنجوومەنی شارەوانی شاری ئەنشخدەو بەزۆرینەی دەنگ هەڵبژێردرا و لە ئێستاشدا لە پاڵ کاری حزبی لەنێو چەپە سەوزەکان وئەنجوومەنی شارەوانی ، مامۆستاشە لەزانکۆی شارەکەی و وانەی توێژینەوە لەبارەی کۆمەڵگەو سیاسەت دەڵێتەوە .
بەمەبەستی پیرۆزبایکردن لە ئاهەنگ فەیزی خانووبەگزادە وەک کچە کوردێکی سەرکەوتووی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان ولێهاتووی لەبوارەکانی خزمەتکردن ، شاندێکی لیژنەی ناوچەی هۆڵەندا کە پێکهاتبوون لە پێشرەو حەسەن بەرپرسی ناوچە ، ساسان دەروێش کارگێڕو بەرپرسی ڕاگەیاندن ، فەلاح ڕەشید بەرپرسی ڕیکخراو و ستار کۆچەر کارگێری ڕێکخراو لە ئاڕنهیم ، لە ئەنجوومەنی شارەوانی شاری ئەنشخدە چاویان کەوت بە ئاهەنگ فەیزی خانووبەگزادە و ئەویش پێشوازییەکی گەرمی لە شاندی ناوبراوکرد . پێشڕەو حەسەن بەناوی لیژنەی ناوچەی هۆڵەندا چەپکە گوڵی ڕێزلێنانیان پێشکەشکرد وئەویش سوپاسی کردن بۆهاتن و پشتگیرکردنیان لە کچە کوردێک لە داهاتوودا بتوانێ خزمەتی کوردستان و گەلەکەی بکات ، هەروەها شاندەکە پشتگیری تەواوی خۆیان بۆ دەربڕی و لەبەرامبەریشدا خاتوو ئاهەنگیش ئامادەبوونی خۆی دەربڕی بۆ هاوئاهەنگی و هاوکاری وپەیوەندی لەهەموو ڕوویەکەوە ، هەر لەمیانەی دانیشتنەکەدا ، ئەنوەر مەسیفی بەر پرسی لقی شەشی ئەورووپا لە رێگەیی تەلەفۆنەوە پیرۆزبایی خۆی گەیاندە خاتوو ئاهەنگ وگوتی : پڕبەدڵ پیرۆزباییت لێ دەکەم وەک کچە کوردێک و رۆڵەی نیشتیمانەکەمان و بەهیوام لە داهاتوودا نموونەتان زیادبێت بۆ کوردستانێ بەهێز، هەروەها گوتیشی: ئەرکی ئێمەی پارتییە لە تاراوگە لەسەر ڕێنمایی سەرۆک بارزانی هاوکارو پشتیوانی گەنج ولاوانی کوردبین کە ڕۆڵی گرنگ دەبینن لە نێو کۆمەڵگە و نێوەندەکانی دەستەڵات لە تاراوگە .
خاتوو ئاهەنگ فەیزی لە لێدوانێکدا بۆ خەبات گوتی : سوپاسی هاتنی ئەم شاندەی پارتی دەکەم لەهۆڵەندا کە زەحمەتیان کێشاولە دوورەوە هاتبوون ، ئەوەی بۆ شاندەکەم خستە ڕوو بەشێکی کورتی ژیان وکارکردنم بوو کە لەدوای تەواوبوونی زانکۆ هەشت ساڵ بەردەوام کارم کردوە لەناو حکوومەت و وانەم لەسەر ئاستی هۆڵەندا گوتووەتەوە ، فەرمانبەران چۆن بتوانن کاری بەڕێوەبردن بکەن لەناوحکوومەت وکۆمەڵگە وخۆشم دارێژەری ئەو بەرنامانە بووم کە دەخرایە بەردەم حکوومەت بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکات . لە ئیستاشدا لە پاڵ کاری حزبی و ئەنجوومەن مامۆستام لە زانکۆو ڕۆژانە وانە دەڵێمەوە بەکوڕ و کچانی شارەکەم ، کە هیوای ئەوە دەخوازم لە داهاتوویەکی نزیکدا پڕبێت لە کوڕوکچانی کورد کە من دڵخۆش دەکات و لەو بڕوایەدام هەمان هەست و سۆزیان بۆ کوردبوونی خۆیان دەبێت ، حزبی چەپە سەوزەکانم بۆیە هەڵبژارد کە کاری تیادا بکەم ئامانج لە خزمەتکردنی گەنج ولاوان و ئافرەتان بوو ،کە لەم حزبەدا دەتوانن سوودمەندبن لەبوارەکانی ژیان وخوێندن ودەستگیرۆدەییان ،بۆیە بوومە ئەندامێکی کاراو لەدوای چەند سالێکیش لەبەر گرنگی ڕۆڵ وکارەکانم بەربژێرکرام بۆ ئەنجوومەنی شارەوانی شارەکەم وبەدەنگێکی باش سەرکەوتم و ڕۆژانەش بێ جیاوازی کاردەکەم و خزمەتی خەڵکی شارەکەم دەکەم و کوردبوونی خۆشم نەشاردۆتەوە و شانازی پێوە دەکەم و ناسنامەکەم کوردستان و نەتەوەکەمە کە بتوانم لە داهاتوودا خزمەتی بکەم و جێگە دەستم دیاربێت و ڕەگ وڕیشەی باوباپیرانم لەوێن وخۆشم لەسەر خاکی جوانی کوردستان چاوم هەڵهیناوە و دەمەوێت کوردستان بەهێزبێت و لەداهاتوودا ئەزموونی کارکردن وخزمەتەکانم بگوازمەوە کوردستان بەو ئەزموونەی پەیدام کردوە لەکاری حزبی و پلەی خوێندن وکاری بەردەوامم لەزانکۆ و خاوەنی ماستەریشم ، بەنیازیشم لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی هۆڵەندا خۆم بەربژێربکەم ، دووبارە سوپاس بۆ هاتنتان و رۆژنامەی خەباتیش .
فەیزی خانووبەگزادە باوکی خاتوو ئاهەنگە وبەرپرسی ڕێکخراوی شاری ئەنشخدەی پارتییە وکەسێکی دیاری ناو وەرزشە لەنێو هۆڵەندییەکان ، لە دانیشتنەکەدا بەشاندەکەی لیژنەی ناوچەی پارتی گوت : خۆشحاڵم وسەرم بەرزە بەحزبەکەم کە هەمیشە لەناوخەڵک دایە وئەمرۆ کچەکەی منیشیان بەسەرکردەوە لەپاڵ هەموو چین وتوێژەکانی هەن لە تاراوگە ، لە دوای ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان لە ساڵی 1993 خۆم وخێزان ومنداڵەکانم ڕوومان لەهەندەران کرد لە سەرەتاوە زۆر زەحمەت و ناڕەحەتی ژیانی تاراوگەو خۆگونجاندنمان بینی لە هەبوونی شەش منداڵ ، کلیلی چارەسەری کردنەوەی دەرگاکانی ژیان وخۆشگوزەرانی لەم وڵاتانە فێربوونی زمان و تێگەیشتن لەکولتوورەکەیان بوو، بۆیە هەرزوو خۆمان گەیاندە قوتابخانە وخۆم ودایکی منداڵەکان کۆرسی فێربوونی زمانمان وەرگرت بۆ ماوەی دووساڵ ومنداڵەکانیس بەئاهەنگەوەش خرانە بەر خوێندن ، سوپاس بۆ خوای گەورە وپەروەردەکردنیان ڕێگەوجێگەیی خۆیان دۆزیەوە و لەگەڵ ئەوەشدا کوردبوونی خۆیان لەبیرنەکردووە و بەزمانێکی شیرینی کوردی لەپاڵ زمانی هۆڵەندی قسەی پێدەکەن ، ئەمەش سەرمایەیەکی گەورەیە بۆ خۆم و نیشتیمانەکەم وخەونی منداڵەکانمە بتوانن خزمەتی کوردستانێکی بەهێز بکەن