گووتاری سیاسی و راگەیاندنی یەكگرتوو تووشی غرورێكی هەڵە بووە
19:15:00, 08-12-2011
خەبات: ئاسۆ عەلی فەرەج یەكگرتووی ئیسلامی لە رۆژی یەكەمی رووداوەكەی زاخۆ، كە بووە هۆی سوتانی چەند شوێنیكی گەشتیاری و دووكانی مەیفرۆشی و مەساژ و ئارایشگا و دواتر سوتانی بارەگای یەكگرتوو، پەنجەی تۆمەتی بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان درێژكرد، ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی پارتی تەئكید لەوە دەكاتەوە، یەگگرتوو هیچ بەڵگەیەكی نییە و تەنیا و قەرزاری پارتییە بۆ ئەوەی داوای لێبوردن بكات. پارتی راستیكرد، دەستی دەرەكی لە پشتەوەیە پارتی دیموكراتی كوردستان لە دیراسەی یەكەمی رووداوەكە سەرەداوی ئەوەیان بۆ خەڵك بڵاوكردەوە، كە ئەم رووداوە فیتی دەرەوەی لەگەڵدایە، بەگوتەی جەعفەر ئیبراهیم، ئەندام و گوتەبێژی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆچوونەكەی پارتی راست دەرچووە لە دیمانەیەكی تایبەت بە خەبات لەمبارەیەوە گوتی: گرنگ هەموومان دەستنیشانكردنێكی باش بكات بۆ ڕووداوەكان و لەسەر بنەمای سۆز نەبێت، بەڵكو لەسەر بنەمای واقیعی و بابەتی بێت و هەموو جیدیات بەكاربهێنێت بۆ ئاشكرا كردنی رووداوەكە، ئەوەی پێگەیشتین راست بووین لەوەی كە گوتمان: رووداوەكە دەستێكی دەرەكی لە پشتەوەیە. كە دەیەوێ لەخاڵێكی هەرە بەهێزی كوردستان بدات، كە ئەویش پێكەوەژیانی ئاینی و نەتەوەییە، چونكە ئەم پێكەوەژیانە هۆكاری بەهێزكردنی كوردستان بووە. رووداوەكەی زاخۆ، لێدان بوو لە پێگەی بەهێزی كوردستان بەگوتەی جەعفەر ئیبراهیم رووداوەكەی زاخۆ، دوو مەبەستی لە پشتەوە بووە، هەروەك لەشیكردنەوەی ئەم بۆچوونەشدا بۆ خەباتی روونكردەوە، ناكۆكیەكان هەمووی چارەسەركراون لەرێگای تەشریعیەوە، كە لەسەر ئاستی ئەزموونی هەرێمی كوردستان هەبوونی ئێزدیی و مەسیحی و ئاینەكانی دیكە و نەتەوەكان هەبوونێكی یاساییە و پرەنسیپەكانی بەڕێوەبردنی حوكمڕانی ئەمەی سەلماندووە و دانی پێداناوە و لەڕووی كۆمەڵایەتیش بابەتی پێكەوەژیان بووەتە ئەزموونێكی سەركەوتوو، ناحەزانیش هاتوون لەم خاڵایانداوە و بۆ ئەوەی پەیامێكی پێچەوانە بەدنیا بدەن، كە لەهەرێمی كوردستان هەڕەشە لەسەر ئاین و نەتەوەكان هەیە، هەڕەشە لە ئازادییەكان هەیە و ئەوەی دەگوترێت لە كوردستان راست نییە، مەبەستەكەیان ئەمە بووە، مەبەستێكی دیكەیش لێدان بووە لە پێگەی سیاسی هەرێمی كوردستان بووە، كە ساڵ بە ساڵ بەرەوپێشەوەچووە، ئەم پێشكەوتنەش سەلمێنراوە و پێویستی بەهێنانەوەی بەڵگە نییە، ئەوەتا ئۆپۆزسیۆنی كوردی سوریا دەكات و مافێكی سرووشتییە سەرۆك بارزانی و سەركردایەتی سیاسی ئامۆژگاری كورد لە سوریا بكەن بۆ ئەوەی شتكست نەهێنن، ئەمە هەمووی وایكردووە ئەو پێگە سیاسیە بێتە ئامانجی دوژمنان. نابێت رێگە بدەین گەنجانمان ببنە نێچیرێكی ئاسان بۆ دوژمنان گوتەبێژی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، هەرێمی كوردستان ئامانجی ناحەزانە، بۆیە دەبێت رێگری بكرێت لەوەی گەنجەكانمان بەكاربهێنرێت و تەئكیدی لەوەشكردەوە، لێرەدا هەرێمی كوردستان ئامانجە، ئێمە ناڵێن بەتەنیا پارتی دیموكراتی كوردستان، پارتی رۆڵێكی سەرەكی هەیە لەڕووی ئەو قورساییەی هەیەتی، بۆیە كراوەتە ئامانج، ئەمەش پێویست دەكات پێگەی پێكەوەژیان بەهێزتر بكەین و بەرنامەیەكی ئەتۆ پێشكەش بكەین، گەنجانمان لەسەر بنەمای ئینتیمای نەتەوەیی و نیشتمانی پەروەردە بكەین، بۆ ئەوەی پێگەی هەرێمی كوردستان زیاتر بەهێزتر بێت و كۆمەڵگەی پێكەوەژیانیش بەهێزتر بكەین، كە بنەمای بەهێزكردنی حوكمڕانی كوردستانن. پێویستە پەلە بكەین لە پەرەپێدانی پەروەردەكردنی گەنجانمان، بۆ ئەوەی گەنجانی ئێمە نەبنە نێچیرێكی ئاسان بۆ ئەو بەرنامەی ناحەزان، كە بیانەوێ زیان بەسەروەرییەكانی هەرێمی كوردستان بگەیەنن. یەكگرتوو بە بەهاری عەرەبی و ئیسلامی سڕبوونە جەعفەر ئیبراهیم وەك ئاماژەیەك بۆ كاریگەری رووداوەكانی ناوچەكە و خۆتێكەڵكردنی یەكگرتوو بەو بابەتەوە، هەڵەیە، هەروەك ناوبراو لەمبارەیەوە روونتر گوتی: پارتی هەمیشە بەردەوام دەبێت لەپەرەپێدانی پەپوەندییەكانی لەگەڵ حزبە كوردستانییەكان بەتایبەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و حزبەكانی دیكەیش هەنگاو بە هەنگاو ئەم حزبانە لەگەڵمان بوونە، ئەگەرچی هەندێك لایەن ویستی بەم بابەتە لە پەیوەندییەكانمان بدەن، بەڵام سەركەوتوو نابن، هەموو حزبەكان لەوە تێگەیشتن ئەمە لێدان بووە لە پێگەی هەرێمی كوردستان و بابەتی پێكەوەژیان، پێویستمان بە رۆڵی هەموو حزبەكان هەیە. ئەوەی جێگای داخە ئەو تێگەیشتنەی یەكگرتووە، كە پێانوایە ئەمە بەهاری عەرەبییە و بەهاری ئیسلامییە، ئەمە نە بەهاری عەرەبییە و نە بەهاری ئیسلامییە. ئەو گۆڕانكارییانە زۆری ماوە و با وا تێنگەین هەموو بەهارێك، بەهار بێت، ئەو جۆش و خرۆشەی بەو بەهارە پەیدایان كردووە هەڵەیە، ئیسلامیەتی وا نییە، هەرێمی كوردستان نە میسرە و نە توونسە، ئەوان دەیانەوێ خەڵك زیاتر بەم ئاڕاستەیە بوروژێنن، هەتا لە گوتاری سیاسی و راگەیاندنیان غروورێكی پێوە دیارە، بەداخەوە یەكگرتووی ئیسلامی زۆر لەوە زیاتر بێت ئەو تێگەیشتنە شكلیەیان هەبێت، پێویستە بەرنامەیەكی قوڵتریان هەبێت بۆ هەرێمی كوردستان. گوتارێكی غروور، قەیرانێكی حزبی یەكگرتوو لە نێوان دوو كۆنگرەی خۆیدا تووشی قەیرانێكی گەورە بووەتەوە، لەپاڵ ئەم رووداوە دەیەوێ قەیرانەكە بگوازێتەوە دەرەوەی خۆی، جەعفەر ئیبراهیم لەمبارەیەوە تێگەیشتنی خۆی واخستەڕوو، وا تێدەگەم ئەو گوتارە سیاسی و راگەیاندنەی یەكگرتووی هەیەتی و غروورەتی پێوە دیارە، پەیوەندی بەو كێشە و ناكۆكیانەوە هەیە لە ناو یەكگرتوو هەیە، ئەوان لەقەیران دەژین و ئەگەر هەندێك لایەن لە نێو یەكگرتوو مەبەستیان بێت ئەو قەیرانە بەمشێوەیە چارەسەر بكەن بەهەڵە چوونە، هەموو حزبێكی سیاسی گرفتی ناوخۆی هەیە و ناكرێت لەسەر جوڵاندنی هەست و سۆزی خەڵك چارەسەری بكەی، نابێت ئەم گرفتانەی ناو حزب لەسەر دەروونی خەڵك راست بكەیتەوە. ئێمە چاوەڕی لە یەكگرتوو دەكەین وەك جاران بە ئەقڵیەتێكی باشتر كار بكەن و واز لەم جۆرە ئەقڵیتە بهێنن و بەخۆیاندا بچنەوە. یەكگرتوو بەو تۆمەتانەوە قەرزاری پارتییە یەكگرتوو ئێستا خۆی وەك مەزڵوم نیشاندەدات، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان تەئكید دەكاتەوە، یەكگرتوو لەبەرامبەر پارتی قەرزارە بە دوای لێبوردنێك، وەك گوتەبێژەكەی مەكتەبی سیاسی ئاماژەیپێكرد، ئەو تۆمەتانەی داویانەتە پاڵ پارتی و داخستنی دەرگای چارەسەری كێشەكانیش، پێویستە یەكگرتوو دەستی لێهەڵگرێت، هەڵەیەكی گەورەیان كردووە و چاوەڕوانی ئەوەین چارەسەری هەڵەكە بكەن و كە دەڵێن: پارتی قەرزاری ئێمەیە؟ ئێمە نازانین بەچی قەرزاری ئەوانین؟ ئەوان قەرزاری پارتین و دەبێت داوای لێبوردن بكات، با یەك بەڵگە بهێنن، كە پارتی قەرزاری ئەوانە، ئەوان ئێمەیان تاوانبار كردووە، ئەو بابەتە نە بە ئاسانی دەرباز دەبێت، نە سادەیی دەرباز دەبن، ئێمە نە بە ئاسانی قبوڵی دەكەین و نە بە ئاسایی دەربازی دەكەین، ئێمە ئەمن و ئاسایشی هەرێمی كوردستان لەسەرووی هەموو شتێكەوە دەبینین و بەردەوام دەبین لە باشتركردنی رەوشی هەرێمی كوردستان. ژیانی سەرۆك بارزانی، هەمیشە لەگەڵ خەمی خەڵك بووە سەرۆك مسعود بارزانی سەرۆكی كوردستان لەهەمبەر ڕووداوەكەی زاخۆ، لێژنەیەكی پێكهێنا و پەیامێكی ئاڕاستەی خەڵكی كوردساان كرد و سەردانی شاری زاخۆشیكرد، بەڵام یەكگرتوو تائێستا رێز لەم هەموو هەڵوێستە ناگرێت، لەمبارەیەوە جەعفەر ئیبراهیم دەڵێت: ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە لەم ڕووداوە، لە رۆژی یەكەمەوە تا ئێستا لای خەڵك و هەموو هێزە سیاسیەكانی كوردستان، ئەوەیە، سەرۆك مسعود بارزانی سەرۆكی كوردستان، وەك ئەركی خۆی هەڵسا بە پێكهێنانی لێژنەیەك و پەیامێكی راگەیاندن و سەردانی زاخۆیشی كرد، بەڵام یەكگرتوو یەكسەر ڕەتی لێژنەكە كرد، وا هاتنە سەرخەت پێویست بە لێژنە ناكات، بەڕاستی خەڵكی كوردستان تووشی سەرسوڕمان بوونە، باشە دەبێت سەرۆك بارزانی چی بكات؟ ئەگەر لێژنەیەك دادەنێت بۆ ئەوەی راستییەكان دەربكەوێت؟ ئەم بۆچوونەی یەكگرتوو جێگای سەرسوڕمانە، جێگای پرسیارە، بۆ ئەم ڕەفتارە دەكەن و پێشوەختە پارتی تاوانبار دەكەن و پێشوەختە لێژنە رەتدەكەنەوە و شەڕی راگەیاندنیان دروست كردووە. خەمبارین بە سوتانی بارەگای یەكگرتوو، هەروەها خەمبارین بە سوتانی ماڵ و سەروەتی خەڵك، كە بەشێكە لە ژیانی رۆژانەیان، كێ زیانی پێگەیشتووە، 22 پۆلیس بریندار بووە، 11 پێشمەرگەی زێرەڤانی بریندارە، یەك كادیری یەكگرتوو بریندار نەبووە، ئەی ئەو خەڵكە مەزڵوم نییە؟ بۆ دەنگی ئەوان ناگەیەنن و تەنیا باس لە سوتانی بارەگاكەیان دەكەن؟ بەڕاستی سەرۆك بارزانی لە یەكەم رۆژەوە هاتە سەر خەت، هەمیشە ژیانی سەرۆك بارزانی لەگەڵ خەمی خەڵك بووە، كەی سەرۆك بارزانی خۆی لە خەمی خەڵك جیاكردۆەتەوە؟ هەمیشە بەدەم خەمی خەڵكەوە چووە و رۆیشتنی بۆ زاخۆش لە خەمی هەمووان بووە.
155 جار خوێندراوهتهوه
ئهرشیف