مەسرور بارزانی: با بە تەبایی و یەکریزی بەرەو بەھارێکی کوردستانی ھەنگاو بنێین
19:13:32, 08-12-2011
پێش چەند رۆژیک کارێکی تێکدەرانەی نەخوازراو لە شاری زاخۆ ڕوویدا و ئەنجامی خراپی لێکەوتەوە. دیارکردنی ھۆکار و چۆنیەتی ڕووداوەکە و تاوانبارکردنی ئەوانەی بەم کارە ھەستاون بۆ لێژنەی لێکۆلینەوە بەجێدێڵم. ئەوەی جێگەی نیگەرانیمە و دەخوازم باسی بکەم ئەوەیە کە، ھەر زوو کردارێکی قیزەوەن دەکرێتە بیانوو بۆ نانەوەی کەشێک کە بە زیانی گشت لایەک تەواو دەبیت و تێکرای پرۆسەی سیاسیی کوردستان دوچاری ئالۆزی دەکات و کەلتوری پێکەوە ژیان و رێزگرتن لە یەکتری و ھەموو ئەزموونەکەمان دەخاتە ژێر مەترسیەوە. بینیمان کە، بەبێ ئەوەی چاوەروانی ئەنجامی لێکۆلینەوە بکرێت، شالاوی تۆمەتھەڵبەستن دەستی پێکرد. نەدەبوایە بۆ رەخنە گرتن لە رکابەر و لە پێناو بەھێزکردنی پێگەی سیاسی، ھەوڵی پەلاماردانی بەرژەوەندییەکانی نەتەوە و ئایین و لایەنەکانی تر بدرێت. نەدەبوایە بۆ دەربڕینی ھەستێکی ھەڵچوو و بیروباوەری جیاواز، مێژوویەکی پڕ سەروەریی پێکەوە ژیان ببردرێتە ژێر پرسیارەوە. نەدەبوایە ھەوڵی تێکدانی موزائیکی جوانی پێکھاتەکانی کوردستان بدرێت. نەدبوایە ھەر کارێکی تێکدەرانە ببێتە ھۆی سەرھەڵدانی قەیرانێکی سیاسی ودواتر ئەم قەیرانە بەکاربخرێت بۆ تاودانی ململانێیەکی تەسکبینانەی حیزبایەتی.دەبوایە کێشەکە لە ئاست قەوارەی خۆیەوە سەیربکرێت و ھەڵە و رەفتاری نەخوازراوی تاکەکەسی لە سنوورێکی دیاریکراودا نەکرێتە گشتاندنێک بۆ تاوانبارکردنی سەرجەم پێکھاتەی لایەنێکی سیاسی و فراوانکردنی کێشەکە. درێژ کردنی پەنجەی تۆمەتی بێ بنەما، بەقەد کرداری ئاژاوەکە ناشرینەو لە بەرژەوەندیی ھیچ لایەنێکشدا نیە کە پشێوی لە ناو مالەکەی خۆیدا دروست ببێت. لەم کەشەدا ئەم پرسیارە سەرھەڵدەدات کە بۆچی وازوو دوای ھەر ڕووداوێک ھەڵمەتێک بۆ ناشرینکردنی ئەزموونی کورردستان دەست پێدەکات ؟ بۆچی بانگەواز بۆ بەھاری عەرەبی دەکرێت؟ ئەشێ ئەم پرسیارە زۆر وەڵامی ھەبێت، بەڵام دەبێ لامان سەیر نەبێت کە، ھەولی تێکدانی رەوشی کوردستان و نانەوەی فیتنە ودووبەرەکی لە لایەکو ھەولدان بۆ کۆپی کردنی دەقاودەقی بەھاری عەرەبی لە لایەکی ترەوە،بە واتای وشککردنی بەھارێکی کوردستانییە ھەر لە سەرەتای چەکەرە کردنیدا.ئەو گۆڕانکاریانەی بەسەر ناوچەکەدا ھاتوون جۆرەھا دەرھاوێشتەی ھەیە و ھەم دەرفەت و ھەم پشێویشی لەگەڵدایە. بەڵام مسۆگەر یەکێتیی ریزەکانی کوردستان، بە ھەموو لایەنە سیاسی و ئیتنی و ئایین و ئایینزا و چین و توێژەکانەوە، دەتوانێت کەشێک دەستەبەر بکات کە، سوود لەو گۆڕانکاریانەی باڵیان بەسەر ناوچەکەدا کێشاوە وەربگیرێت و بەھارێکی کوردستانی بۆ چەسپانی زیاتری ماف وبەرژەوەندییەکانی گەلەکەمان لە دەڤەرەکەدا بێنێتە کایەوە. بەڵام بەداخەوە ئەم ڕووداوانەی ئێستا لە واقعی شەقامی ھەرێمدا دەبینرێن، لە ئاست ئامادەکاری بۆ ئەو بەھارە و ڕووبەڕوو بوونەوەی پێشھاتەکانی دەڤەرەکە نین. ئەم رەوشە ئالۆزەی دروست کراوە گەر بەر لە تەشەنەکردنینەگیرێت، درز دەخاتە نێوان ریزەکانمان وتواناکانمان پەرتەوازە دەکات و بارودۆخێک دروست دەبێت کە،ئایندەی پرۆسەی سیاسیی ھەرێم و بەرژەوەندییە باڵاکانی تێکرای پێکھاتەکانی کوردستان دەخاتە مەترسیەوە.کەسانێک لە وەھا گێژاوێکدا دەخوازن بەھاری ئاواتەکانی خەلکی کوردستان بکەنە قوربانیی دیدگایەکینامۆ بە سروشتی سیاسی و کەلتوریی کوردستان. بانگەشە بۆ راکێشانی بەھاری عەرەبی بۆ ناو کوردستان دیدێکی ناواقعیانە و نەگونجاوە لە گەل رابردوو و ئێستای مەیدانی سیاسی وئایینی و دیموگرافیا و تەنانەت پێگەی جیۆپۆلیتیکیی ھەرێم. بەھاری عەرەبیکە ژمارەیەک وڵاتی گرتەوە، وەرزی گونجاوی کۆمەلگاکانیان بووە و ئەنجامەکانیشی چی دەبن قسە زۆر ھەڵدەگرێت. بەڵام دەبیت ئەو راستیە لە بەرچاو بگیرێت کە،ھەر کۆمەلگەیەک تایبەتمەندیی خۆی ھەیە و ناکرێت ئەزموونەکان لە زەمینە و ژینگە کۆمەلایەتیە جیاجیاکاندا وەک یەک دووبارە بکرێنەوە، بۆیە جەخت لە راکێشانی ئەزموونی بەھاری عەرەبی نیشانەی ئەوەیە کە بانگەشەکەرانی لە ئاست راستیی سروشتی کێشەکانی کوردستان و خواستە مێژوویەکانی پێکھاتەکانی وڵاتمان نین. کێشەی ئێمە کێشەی زەوتکرانی مافە نەتەوەییەکان و داگیرکران و دابڕاندنی خاک و جینۆساید و سڕینەوەی سیما نەتەوەییەکانمان بووە، بۆیە بەھارێکی کوردستانی بۆ گەلەکەمان وەرزی گەیشتن بە ئاواتە زەوتکراوەکانە، وەرزی لادانی پێناسەی خەونە لە سەر ویستی راستەقینەی گەلێکی بێبەشکراو و دابەشکراو. دەڤەرەکە ھەڵاوساوی ڕووداو و پێشھاتی جۆراوجۆرە و پێویستە تەیار وئامادە بەرە ڕووبەڕووی ئەو پێشھاتانە ببینەوە، تاکو گەلەکەمان بە زیادترین دەسکەوت وکەمترین زیان بە کەناری ئارام بگات، بۆیە خوازیارم ھەموو لایەک بە ھەستکردن بە بەرپرسیاری مێژووییەوە گرژییەکان بەلاوە بنێین و بە گیانی دانبەخۆداگرتن و یەکتر قبولکردن و تەبایی و برایەتی، ھێزی گەل و وڵاتمان بخەینە یەک ئاراستە بەرەو ئاسۆیەکی پرشنگدار. با ھەموومان بانگەشە بۆ بەدیھێنانی ئاوات و مافەرەواکانی گەلەکەمان و ھاتنە کایەوەی بەھارێکی کوردستانی بکەین. بەھارێک کە تیایداسەرجەم پێکھاتەکانی کوردستان ئومێد و ئاواتەکانیان تێیدا بەدی بھێت و سەربەرزانە لەو تاقیکردنەوە مێژووییە دەربچین و ئەرکمان بەرامبەر بە نەوەکانی داھاتووی وڵاتمان بەجێبگەیەنین.
112 جار خوێندراوهتهوه
ئهرشیف